لە درێژەی كارو چالاكییەكانی ئنستیتیوتی كەلەپووری كورد لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستاندا، ڕۆژی شەممە 7/12/2013 و لە هۆڵی (مامۆستا ڕۆژگار) لە مەڵبەندی ڕاهێنان گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی ژنان لە هەڵەبجەی شەهید و لە ژێر دروشمی (هەڵەبجە لانكەی كەلتووری ڕەسەنی كوردەوارییە) چەند چالاكییەكی كەلتووریی بە ئەنجام گەیاند.

كاتژمێر دەی بەیانی لەلایەن سەرۆكی شارەوانی شارەكەوە، پێشانگەی تایبەت بە كتێب و بەرهەمەكانی دەنگ و ڕەنگ كرایەوە،  كە سەدان كتێبی چاپكراوی دەزگاكە و دەیان ئەلبوومی گۆرانی كوردی لە خۆگرتبوو. دواتریش فیلمێكی بەڵگەنامەیی بە ناوی (گیانبەخشین)ـەوە پێشكەش كرا كە تایبەت بوو بە ژیانی گیانبەخشانەی كەسێكی خەڵكی شارەكە بەناوی (هۆشیار)ەوە كە لە بواری پاككردنەوەی مین و تەقەمەنی لە ناوچەكەدا ڕۆڵێكی لەبەرچاوی هەبووە. لە دوا چالاكی ڕۆژەكەشدا، دوو كۆڕ لە لایەن نووسەران (شێخ عەلی) و (حەكیم مەلا ساڵح) تایبەت بە ڕۆڵی ئەدیبانی شارەكە لە مێژوودا پێشكەش كران و گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.

Visitors

  • Total Visitors: 176334
  • Unique Visitors: 5278