له‌ساڵى 2003 دا وه‌كو ڕێكخراوێكى NGO دامه‌زراوه‌ دوو بنكه‌ى سه‌ره‌كى له‌ شارى سلێمانى و دهۆك و نوێنه‌رایه‌تى له‌ كه‌ركوك و هه‌رچوار پارچه‌ى كوردستان هه‌یه‌ .
ئامانج : پێك هێنانى ئارشیفى كه‌لتورى و كه‌له‌پوورى زاره‌كى كوردستان "هه‌موو كه‌مایه‌تى ئاینى و ڕه‌گه‌زى" به‌مه‌به‌ستى تۆماركردنى ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌ى كورد و هه‌موو كه‌مایه‌تیه‌كانى كوردستان كه‌ مێژووى هاوبه‌شیان له‌كوردستاندا هه‌یه‌.
 
بۆ گه‌یشتن بۆ ئه‌م ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ ئنستیتیوت له‌چه‌ند به‌شێكدا خه‌باتێكى سیستماتیكى ده‌ست پێكردووه‌ :
1) كۆكردنه‌وه‌ى كه‌لتورى زاره‌كى هاوڵاتیانى دانیشتووى كوردستان .
2) پاراستن و ئاماده‌كردنیان بۆ سود وه‌رگرتنى وه‌كو سه‌نته‌رێكى لێكۆڵینه‌وه‌و داهێنانى كه‌لتورى.
3) گه‌شه‌پێدانى كه‌لتورى گه‌لى كوردستان به‌مه‌به‌ستى گواستنه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌كانى داهاتووى گه‌له‌كه‌مان .
 
 
تێكۆشانى ئنستیتیوت بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانى له‌م به‌شانه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه‌ :
 
كتێبخانه‌ :
   كۆكردنه‌وه‌ى هه‌موو كتێب و نوسراوه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌كان ده‌رباره‌ى كه‌لتور و كه‌له‌پوورى كوردستان , ئه‌م كتێبخانه‌یه‌ بۆ سودى گشتى پێك دێت وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كى زانستى بۆ ئه‌م كتێبخانه‌یه‌, ئێستا زیاتر له‌ (١٢٠٠٠) كتێب به‌زاراوه‌ جۆربه‌جۆره‌كانى كوردى , زمانى عه‌ره‌بى , ئینگلیزى , فارسى و توركى و زمانه‌كانى تر و سه‌دان گۆڤار و به‌ڵگه‌نامه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت.
كتێبخانه‌ى ئه‌لكترۆنى ( E- library) ى ئنستیتیوت یه‌كه‌مین كتێبخانه‌ى ئه‌لكترۆنى كوردستان و عێراقه‌ كه‌ له‌هه‌ر شوێنێكى تردا له‌ ڕێگاى سایتى ئنستیتیوت سود له‌ ئه‌رشیف و كتێبخانه‌ى ئنستیتیوت وه‌رده‌گیرێت.
 
 
 ئارشیفى ده‌نگ و ڕه‌نگ :
   له‌م به‌شه‌دا, كه‌لتور و هونه‌رى ره‌سه‌ن و فه‌رهه‌نگى كوردستان له‌شێوه‌ى ده‌نگ و ڕه‌نگ و وێنه‌ كۆده‌كرێته‌وه‌. ئه‌م ئه‌رشیفه‌ به‌ شێوه‌ى دیجیتاڵ ده‌بێت و نه‌ته‌نیا بۆ هه‌میشه‌ پارێزراو ده‌بێت به‌ڵكو سه‌رچاوه‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌یى ده‌بێت بۆ گه‌شه‌پێدانى هونه‌ر و فه‌رهه‌نگى گه‌له‌كه‌مان له‌ داهاتوودا.
له‌م ئه‌رشیفه‌دا هه‌موو ئه‌و ده‌نگ و ڕه‌نگانه‌ كۆده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ له‌ (100) ساڵى ڕابردوودا تۆمار كراون.
 
 
لێكۆڵینه‌وه‌ و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ :
ئه‌ركى سه‌ره‌كى ئه‌م به‌شه‌ كۆكردنه‌وه‌ و به‌ده‌ست هێنانى هه‌موو ئه‌و كه‌لتور و داب و نه‌ریتانه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا نه‌هاتونه‌ته‌ ئارشیفى گه‌له‌كه‌مان و ڕزگاركردنیانه‌ له‌ فه‌وتان و له‌ بیرچوونه‌وه‌.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆمه‌ڵێك شاره‌زا و نوێنه‌ر له‌ هه‌رچوار پارچه‌ى كوردستان دا, به‌دوادا چوونى بۆ ده‌كه‌ن و به‌گوێره‌ى تواناى مادى و مه‌عه‌نه‌وى كه‌ره‌سته‌كان كۆده‌كرێته‌وه‌ و به‌ پێى جۆریان ده‌چێته‌ ئه‌رشیفى تایبه‌ت و ده‌پارێزرێت. وه‌یان له‌شێوه‌ى كتێب و بڵاوكراوه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت  و ده‌خرێته‌به‌ر دیدی هاوڵاتیان.
 
به‌شى به‌رهه‌م هێنان :
له‌م به‌شه‌دا كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌م له‌شێوه‌ى ده‌نگ و ڕه‌نگ و فیلم و كتێب ئاماده‌ده‌كرێت, كه‌به‌رهه‌مى ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى ئه‌رشیفى ئنستیتیوته‌ و له‌بازاڕ و میدیادا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌. خه‌بات و تێكۆشانى دیكه‌ى وه‌كو پێشانگاى وێنه‌ و كۆنسیرت و فیستیڤاڵ و یان ڕێكخستنى كۆڕ و سیمینارى كه‌لتورى, ئه‌ركى تایبه‌تى ئه‌م به‌شه‌ ده‌بێت. كه‌ تائێستا زیاتر له‌(150) كتێب به‌زمانى كوردى سۆرانى , كرمانجى , عه‌ره‌بى , ئینگلیزى و زاراوه‌كانى ترى هه‌ورامى , ماچۆ, زازاكى , كه‌لهورى چاپ و بڵاو كردۆته‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌موو ساڵێك كۆنسیرت و فیستیڤاڵى موزیك و پێشانگاى فۆتۆ یان كۆڕ و كۆبونه‌وه‌ى بۆنه‌ كه‌لتوریه‌كان ئاماده‌ و به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.
 
 
گه‌شه‌پێدان :
له‌گه‌ڵ پاراستنى كه‌لتور و كه‌له‌پوورى زاره‌كى كوردستان له‌ ئه‌رشیف و بڵاوكراوه‌كاندا, ئنستیتیوت تێده‌كۆشێت تا زانستى ئامێره‌كانى ئه‌لكترۆنى و ته‌كنیكى پێشكه‌وتووى ئه‌مڕۆ  بخاته‌ گه‌ڕ بۆ گه‌شه‌پێدانى كه‌لتورى گه‌له‌كه‌مان. بۆ نموونه‌ شمشاڵى پیره‌ شوانى گوند (قاله‌ مه‌ڕه‌) له‌گه‌ڵ ئوركیستراى ژێدار Compose ده‌كرێت تاكو مه‌وداى ئاواز و میلۆدى كوردى له‌ قاڵبێكى زانستیدا پێشكه‌ش بكرێت.
ئنستیتیوت هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنیه‌وه‌ گرنگى داوه‌ به‌ كارى ده‌نگ و ڕه‌نگ له‌م تۆمارگه‌یه‌دا و ده‌یان به‌رهه‌مى كه‌لتورى و كارى گه‌شه‌پێدانى تێداكراوه‌ و له‌شێوه‌ى CD و DVD و فیلم كه‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ یان له‌ ڕێگاى بازاڕه‌وه‌ كه‌وتۆته‌ به‌رده‌ست هۆگرانى هونه‌ر ى ڕه‌سه‌نى گه‌له‌كه‌مان.
 
وێبسایتى ئنستیتیوت :
وێبسایتى ئنستیتیوت په‌یوه‌ندى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موان له‌هه‌ر لایه‌كى جیهاندا به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌. له‌م سایته‌دا هه‌موو ئه‌و خه‌بات و تێكۆشانه‌ى به‌شه‌ جۆربه‌جۆره‌كان و پڕۆژه‌كانى ئنستیتیوت ده‌رده‌كه‌وێت و له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ئێمه‌ و بینه‌رانمان سود و یارمه‌تى وه‌رده‌گرین له‌یه‌كتر, به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌وا خه‌ریكى لێكۆڵینه‌وه‌ى كه‌لتورین له‌ڕێگاى وێبسایته‌كه‌وه‌ ئاسانكاریان بۆ كراوه‌.
 
 

Visitors

  • Total Visitors: 116136
  • Unique Visitors: 3905